هۆشدارییەکى تووند لە وەزارەتى کارەباوە؛ هەر هاوبەشێک لە 50 ڕۆژدا پارە نەدات کارەباکەى دەبڕدرێت

کوردستان

بۆکس میدیاـــــــ

وەزارەتى کارەباى هەرێمى کوردستان سیستمێکى نوێى بۆ کۆکردنەوەى داهات و بڕینى کارەباى ئەو هاوبەشانە جێبەجێ دەکات کە پابەندى پێدانى کرێى مانگانە نین و هۆشداریش دەداتە هاوڵاتییان کە گەڕانەوەى کارەبا دوای بڕین کاتى دەوێت.

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى وەزارەتى کارەبا، لە پاش دەرچوونى پسوڵەى مانگانە، هاوبەشان تەنیا 50 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەى پارەى کارەباکەیان بدەن. ئەگەر لەو ماوەیەدا پارەکە خەرج نەکرێت، خزمەتگوزاریى کارەباى ئەو هاوبەشە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەبڕدرێت. ئەم بڕیارە لە ئێستادا تەنیا پڕۆژەى ڕووناکى و کرێى مانگانە دەگرێتەوە.

بۆ ئەوەى هاوبەشان ئاگادارى وادەى بڕینى کارەباکەیان بن، وەزارەتى کارەبا لە ڕێگەى کورتەنامەوە (SMS) و بە 4 قۆناغی جیاواز ئاگادارییان بۆ ڕەوانە دەکات. ئەگەر هاوبەشەکە پاش ئەو ئاگادارکردنەوانە هەر پارەکە نەدات، سیستمەکە بە شێوەى ئۆتۆماتیکى کارەباکەى دەبڕێت و چیتر فەرمانبەرى وەزارەت بۆ بڕینى کارەبا ناچێتە شوێنى مەبەست.

لە حاڵەتى بڕینى کارەبادا، هاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەى پسوڵەکەیانەوە پارەکە بدەن و لەو کاتەدا لە ماوەى 24 کاتژمێردا کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام وەزارەت هۆشدارى دەدات کە ئەگەر هاوبەشەکە بچێتە بەشى فرۆشتنى وزە بۆ پێدانى پارەکە، ڕەنگە پڕۆسەى گەڕاندنەوەى کارەباکەى کاتێکى زۆرتر بخایەنێت و دوابکەوێت.