داوای بەستنەوەی دەرماڵەی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان دەکرێت

کوردستان

بۆکس میدیاـــــــــ

کۆمەڵەی ئەکادیمییانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی پیشەیی ئەکادیمی، پشتیوانیی فەرمی خۆی بۆ داواکارییە یاساییەکانی هەڵگرانی بڕوانامە نوێیەکان ڕاگەیاند و جەختی لەسەر پێویستیی دابینکردنی مافە داراییەکانیان کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی تەمووزی ٢٠٢٦، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، و وەزارەتی دارایی کراوە، کۆمەڵەی ئەکادیمییان داوا دەکات بەبێ دواکەوتن دەرماڵەی بڕوانامە بۆ هەڵگرانی بڕوانامە نوێیەکان ببەسترێت، هاوکات تەواوی شایستە داراییەکان و فروقاتی پاشەکەوتکراویان بۆ خەرج بکرێت.

لە نووسراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە حکومەت ڕێنماییەکی یەکگرتوو، ڕوون و دادپەروەر بۆ تەواوی دامەزراوەکان دەرپەڕێنێت، تاوەکو کۆتایی بە هەر جۆرە جیاکارییەک بهێنرێت لە جێبەجێکردنی ئەم مافە یاساییانەدا.

ئەم داواکارییەی کۆمەڵەی ئەکادیمییان لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا حکومەتی ماوەبەسەرچوو چەندین جۆری دەرماڵەی وەک (هاوتاکردنی بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ، و بەشێک لە دەرماڵەی پایە)ی ڕاگرتووە، کە بەهۆیەوە چەندین ساڵە فەرمانبەران و مامۆستایان لەو مافانەی خۆیان بێبەش کراون؛ لەم ڕوانگەیەشەوە کۆمەڵەکە داوای دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی دەرماڵەی بڕوانامە دەکات.