کەشناسێک: مانگی ئاب لە تەمموز گەرمتر دەبێت

کوردستان

بۆکس میدیاـــــــــ

کەشناسێکی کورد ڕایگەیاند، مانگی ئاب بەراورد بە مانگی تەمموز گەرمتر دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت چەندین شەپۆلی گەرمای بەتین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: سەبارەت بەمانگی ئاب بەگشتی زۆربەی ساڵەکان ئەو مانگە گەرمتربووە لە مانگی تەمموز بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ ئەمساڵیش بەراورد بە مانگی تەمموز بەهەمان شێوە گەرمتر دەبێت و ئەگەری هاتنی شەپۆلی بەتینی گەرمای تیا دەبێت، بەڵام بە بەراورد بە مانگی ئابی ساڵانی رابردوو یاخود تێکرایەکانی پلەی گەرمی لەو مانگەدا بەگشتی پێشبینی دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان باشتر بێت نزیک نۆرماڵ بێت.

لە بارەی بارانبارین و پایزی ئەمساڵیشەوە دەڵێت: دیاردەی ئێڵ نینۆ تا دێت بەهێزتر دەبێت کە ئەمەش بۆ پایزی ئەمساڵ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەکەش و هەوای ناوچەکە و جیهان دروستەکات، کە ئەنجامەکانی ئەرێنی دەبن بۆ ناوچەکانمان و پایزێکی پر باران دەرەخسێنێت.

هاوکات دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی خۆی بۆ کوشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە.

لەکەرکوک ئەمڕۆ پلەکانی گەرما دەگاتە 49 پلە، بەڵام لە پارێزگاکانی بەسڕەو مەیسان و سەڵاحەدین و موسەنناو زیقار پلەکانی گەرما دەگاتە نیوەی کوڵان و 50 پلە تۆمار دەكات.