سعوودییەکان داوای ڕابیۆ دەکەن
وەرزش
بۆکس میدیاـــــ
سعوودییەکان داوای ڕابیۆ دەکەن و سێ هێندەی مووچەکەی بەراورد بە ئێستای پێشکەش دەکرێت.
تۆڕی کلاسیکۆ مێرکاتۆی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە کە ئادریان ڕابیۆ، ئەستێرەی فەڕەنسی و یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەی میلان، پێشنیارێکی گرانبەهای لە یەکێک لە یانەکانی خولی سعوودییەوە پێگەیشتووە.
بەپێی زانیارییەکان، یانە سعوودییەکە ئامادەیە سێ هێندەی مووچەی ئێستای لە میلان کە نۆ ملیۆن و 200 هەزار یۆرۆیە پێ بدات، بەڵام ڕابیۆ و کەسە نزیکەکانی هێشتا بە جددی بیریان لەم بڕیارە نەکردووەتەوە.
لە ئێستادا ڕابیۆ تەنیا تەرکیزی لەسەر دوو ئامانجە، یەکەمیان کۆتاییهێنان بە وەرزێکی سەرکەوتوو لەگەڵ ڕۆسۆنێری و دووەمیشیان ئامادەکاری تەواو بۆ بەشداریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە یارییەکانی مۆندیال.
لە لایەکی ترەوە، یانەی میلان و بەتایبەت ماسیمیلیانۆ ئەلێگریی ڕاهێنەر، بە توندی دژی ڕۆیشتنی ئەم یاریزانەن، ئەلێگری کە لە یۆڤینتۆسیش ڕاهێنەری ڕابیۆ بووە، دەیەوێت سێیانەیەکی بەهێز لە هێڵی ناوەند لە نێوان ڕابیۆ، مۆدریچ و فۆفانا پێکبهێنێت.
ئاشکراشیکردووە، میلان هەوڵ دەدات بە مسۆگەرکردنی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، ڕابیۆ قایل بکات لە سان سیرۆ بمێنێتەوە و بەرپەرچی پارە خەیاڵییەکەی سعوودییەکان بداتەوە.