لێدوانی گواردیۆلا پێش یارییەکەی ساوسامپتۆن
وەرزش
بۆکس میدیاــــــ
گواردیۆلا دوپاتیکردەوە ساوسامپتۆن یانەیەکی بەهێزە و هەر ئەوان بوون ئارسناڵیان کردە دەرەوە.
پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی پێش یارییەکەیان بەرامبەر ساوسامپتۆن لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی یەکێتی ئینگلتەرا رایگەیاند کە ساوسامپتۆن یانەیەکی زۆر بەهێزە.
گواردیۆلا ئاماژەی بەوەدا، ناتوانن یارییەکە بە ئاسانی وەربگرن بەهۆی ئەوەی کە ساوسامپتۆن ئەو یانەیە بوو لە ئارسناڵی بردەوە و کردیە دەرەوەی ئەم جامە لەبەرئەوە زۆر بەهێزن.
رونیشیکردەوە، بە تەواوی سەرنجیان لەسەر ئەم یارییە تا بزانن کە چی پێویستە ئەنجامیبدەن لە یاریگادا، پێویستە بارودۆخی یاریزانەکانیش باشتر بکەن دوای ئەنجامدانی دوو یاریی گرنگ لە هەفتەی رابردوودا.
دەشڵێت، گرنگی بە ئامارە مێژووییەکان نادەین بەڵکو سەرنجمان تەنها لەسەر یەک یاریی داهاتوومان دەبێت، ئێمە دەمانەوێت مێژووی زیاتر بنوسینەوە بە بردنەوەی نازناوەکان.
گواردیۆلا دڵنیاییدا لەوەی کە رۆدری بەهۆی پێکانەوە بەشداریی ئەم یارییەی ساوسامپتۆن ناکات بەڵام بەرەو باشتر بوون رۆیشتووە و نایانەوێت مەترسی بەو یاریزانەوە بکەن.
رایگەیاند کە یادگاری زۆری هەیە لەگەڵ یاریگای ویمبڵی، هاندەران لەو یاریگایەدا نایابانە پشتگیری یانەکانیان دەکەن، سوپاسی کارگێڕی مانچستەر ستیشی دەکات کە بلیتی یارییەکەیان لەسەر هاندەران گران نەکرد.