یەکەم لێدوانی ڕۆناڵدۆ دوای شکستە قورسەکەی قادسیە

وەرزش

بۆکس میدیاـــــــ

ململانێ لەسەر نازناوی پاڵەوانی خولی پیشەگەری "ڕۆشن"ی سعوودی بۆ تۆپی پێ گەرمتر بوو، دوای ئەوەی یانەی نەسڕ لەسەر دەستی یانەی قادسیە بە ئەنجامی (1-3) تووشی شکست هات، لەو یارییەی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە چوارچێوەی گەڕی 31ی خولەکەدا ئەنجامدرا.

یانەی نەسڕ خاڵەکانی لە 79 خاڵدا وەستا و لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی خولەکەدایە، بە جیاوازی 5 خاڵ لەگەڵ نزیکترین ڕکابەری کە یانەی هیلالە و یارییەکی دواخراوی هەیە، ئەمەش پێش ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوانیان لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو کە ڕەنگە ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەکە دیاری بکات.

نیشانەکانی خەم و پەژارە بە ڕوخساری کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی و کاپتنی یانەی "عالەمی"یەوە دیار بوو، ئەمەش دوای فیکەی کۆتایی و لە کاتی چوونە دەرەوەی لە یاریگا.

ئەستێرە بە ئەزموونە پورتوگالییەکە (تەمەن 41 ساڵ) لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "X" (توییتەری پێشوو)، وێنەیەکی خۆی و وێنەیەکی تیمی یانەی "عالەمی" بڵاوکردەوە و لەسەری نووسی: "تەنها یەک ئەرکمان هەیە، بەردەوام دەبین لە کارکردن. پێکەوە!".

جێگەی ئاماژەیە، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هێشتا لە ململانێدایە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی گۆڵکاری خولەکە، بەو پێیەی بە تۆمارکردنی 25 گۆڵ لە 27 یاری ئەم وەرزەی خولی "ڕۆشن" لە پلەی سێیەمدایە، جگە لەوەی 3 ئەسیستی (تێپەڕاندنی یەکلاکەرەوە) هەیە، و تەنها 4 گۆڵ لە جولیان کوینۆنێسی کۆڵۆمبی و هێرشبەری یانەی قادسیەی پێشەنگەوە دوورە.